مشاركات عشوائية


نوێ

١٠ هۆکار بۆ ئەوەی سەردانی شاری هەولێر بکەیت

 

ھەركی نێت - ھەمەڕەنگ

ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران ساڵانە روو لە شاری هەولێر دەکەن، چونکە شاری هەولێر لە عێراقدا بە پارێزراوبوونی رەوشی ئەمنی ناوچەکەی و کەمی رێژەی تاوان ناوبانگی دەرکردووە. هەر بۆیە گەشتیارانی بیانی هەر کە دێنە وڵاتی عێراق سەردانی شاری هەولێریش دەکەن و ئەمەش وای کرد هەولێر لە ساڵی ٢٠١٤ وەکو پایتەختی گەشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەراست دەستنیشان بکرێت .
لەپاڵ ئەوەی ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی هەولێر دەکەن، کۆمەڵێک هونەرمەندی بەناوبانگی بیانی و عەرەبیش هاتوونەتە ئەم شارە، لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەک هونەرمەند لە ناویاندا ئەنجلینا جولی، هەیفا وەهبی، ناسنی عەجرەم، نەوال زوغبی و چەندان هونەرمەندی دیکە سەردانی هەولێریان کردووە.
شاری هەولێر توانتویەتی بەهۆی ئەو شوێنە کولتوری، گەشتیاری و ناوچە سەرسورهێنەرانەی کە هەیەتی سەرنجی گۆڤاری ناشناڵ جیوگرافی بەرەو لای خۆی راکێشێت . ئەم گۆڤارە شاری هەولێری خستووەتە ناو لیستی ئەو شارانەی کە باشترین خاڵن بۆ سەردانیکردن و دەڵێت: “ئەگەر سەردانی شاری هەولێر بکەیت ئەوەی سەبارەت بە عێراق بیستووتە هەموویت لەبیر دەچێتەوە”.
لێرەدا یەڵڵا ١٠ هۆکارت دەخاتە بەردەست بۆ ئەوەی سەردانی شاری هەولێر بکەیت:



قەڵای هەولێر: قەڵای هەولێر دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێر و مێژووی درووست بوونی دەگەڕێتەوە بۆ ٨ هەزار ساڵ و هەندێک دەڵێن بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر، ئەم قەڵایە ٣٠ مەتر لە ئاستی دەوروبەرەکەی بەرزە و لەلایەن یونسکۆوە خراوەتە ناو لیستی شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهانەوە و، ئەمەش وای کردووە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لەم قەڵایە بکەن. هەر بۆیە ئەم قەڵایە بەردەوام بەرووی گەشتیاران کراوەیە.

عەنکاوە: عەنکاوە دەکەوێتە باکووری شاری هەولێر لە سەر رێی فرۆکەخانەی هەولێرە. ئەم شارۆچکەیە یەکێکە لەو شوێنانەی کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن و بە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوونی کریستیانەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست دادەندرێت و چەندین کڵێسا، هۆتێل، رێستۆرانت، کافتریا و شوێنی خۆشی لێیە کە لۆکال و بیانییەکان بەردەوام سەردانیان دەکەن.

چیای کۆڕەک: لە دواین راپۆرتی خۆیدا کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی شاری هەولێر بە سوویسرای رۆژهەڵات ناودەبات و باس لەوە دەکات کە لە شاری هەولێر تا دەرۆیتە چیای کۆڕەک چەندین سرووشتی دڵرفێن، سەیرانگا و شوێنی گەشتیاریت دێنە پێش کە سەرنجت بەلای خۆیاندا رادەکێشێت، بەتایبەت لە وەرزی زستان و لە کاتی ئەنجامدانی یاری خلیسکێنەی سەر بەفر کە ساڵانە لە چیای کۆڕەک بەڕێوە دەچێت.

منارەی چۆڵی: گەر بتەوێت تام و چێژ لە پیاسەی ئێوارانی شاری هەولێر بکەیت ئەوا تەنها دەمە و ئێوارە بە دەورو بەری منارەی چۆلی و پارکی شانەدەر پیاسەیەکی ئێواران بکە، ئەوکات دەزانیت مانای پیاسەکردن چیە. منارەی چۆلی لە سەدەی ١٢ دروستکراوە و ئێستا تەنها مزگەوتی منارە وەک یادگارییەکی ئەو سەردەمە ماوەتەوە و پارکی منارەش لە پشتییەوە نۆژەن کراوەتەوە.

شەوانی هەولێر: شەوانی هەولێر و گەڕان لە ناو هەولێردا هۆکارێکی دیکەیە کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روو لە هەولێر دەکەن، ئەوان باس لەوە دەکەن لە هەولێر هەندێک شوێنی تێدایە کە زۆر گونجاوە بۆ ئەو بیانییانەی روو لە هەولێر دەکەن و کافتریا و رێستۆرانتەکانی ئەم شارە بە جۆرێکە کە زۆر لە دوای دووبەی و بەیرووتەوە نییە.

شەقامی گوڵان: شەقامی گوڵان لەلای بیانییەکان بە دووبەی عێراق ناسراوە چونکە ئەم شەقامە ژمارەیەکی زۆر ناوەندە بازرگانییەکانی جیهانی لە خۆی کۆکردووەتەوە و کارێکی کردووە کە شاری هەولێر ببێتە ناوەندێکی بازرگانی بەهێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

مەچکۆ وبازاری قەیسەری: ئەگەر سەردانی هەولێر بکەیت و سەردانی بازاری قەیسەری نەکەیت کە لە سەدەی ١٢ دروستکراوە، ئەوە بزانە گەشتەکەت ناتەواو بووە. بەتایبەتی شەوانی زستان کە نمە نمە باران دەبارێت و کۆمەڵێک عەرەبانە وەستاون شێلم، پاقلە، چای سەر خەڵوز و کۆمەڵێک خواردن دەفرۆشن و خەڵکێکی زۆر لەدەوریان کۆ دەبێتەوە. هەروەها دڵنیا ببەرەوە لەوەی سەردانی چایخانەی مەچکۆ دەکەیت ئینجا بگەڕێرەوە.

قەڵای خانزاد: ئەم قەڵایە دەکەوێتە نزیک گوندی بانەمان لەلای باکووری شاری هەولێرەوە بە ٢٨کیلۆمەتر کە لە سەدەی ١٨ بە ناوی شازادە خانزادەوە ناونراوە و خەڵکێکی زۆر ساڵانە سەردانی دەکەن.

پارکی سامی عەبدولڕەحمان: ئەم پارکە یەکێکە لە گەورەترین پارکەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رێژەیەکی زۆری سەوزایی شاری هەولێری پێکهێناوە. خۆشی ئاو و هەوای ئەم پارکە و دەوروبەری کارێکی کردووە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و لە وڵاتانی دەرەوە ساڵانە روو لەم پارکە بکەن.

مۆڵەکان: لە ئێستادا بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر مۆڵی گەورە لە شاری هەولێر کراوەتەوە بۆ بازاڕکردن و چەندین مارکەی جیهانی هێندراونەتە ئەم شارەوە، خەڵکانێکی زۆر بۆ سەردان کردنی مۆڵ و شوێنە گشتییەکانی ئەم شارە روو لە هەولێر دەکەن.

No comments