مشاركات عشوائية


نوێ

بە بڕیارێکی وەزیری ناوخۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە ئەوروپی بەناو دەکرێن



ھەرکی نێت- ھەوال

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاکو ئێستا تۆمارنەکراون و مۆدێلیان لە ساڵی 2000 بەسەرەوەیە، یاخود هەڵگری تابلۆی ئەوروپین و لە دەروازە فەرمییەکانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە، تۆماربکرێن و تابلۆی هەرێمی کوردستانیان پێبدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئەمڕۆ 01-06-2017 دەرکراوە و واژۆی کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی بەسەرەوەیە، رێنمایی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراوی خستووەتەڕوو.

بەگوێرەی رێنماییەکان، ئەو هەنگاوە بۆ نەهێشتنی دیاردەی ئۆتۆمبێلی تۆمارنەکراو و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.

رێنماییەکان ئاماژە بە چەند جۆرێک ئۆتۆمبێل دەکرێن کە لە تۆماری هەمیشەیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن، لەوانە، ئۆتۆمبێلی هەڵگری تابلۆی بیانیی بەهەموو جۆرەکانی کە تا 01-05-2017 هێندراونەتە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی یاسایی لە دەروازە سنوورییەکانەوە. هەروەها ئۆتۆمبێلی هەڵگری ژمارە کاتی پارێزگاکنی دیکەی عێراق بە مەرجێک لە هیچ پارێزگایەکی دیکەی عێراق تۆمار نەکرابێت.

رێنماییەکان ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەگرێتەوە کە هەڵگری تابلۆی ژمارە کاتی هەرێمی کوردستانن و لە دەروازە سنوورییەکانەوە هێندراون و تۆمارنەکراون تا بەرواری 01-03-2016، بەمەرجێک فرۆشرابن لەلایەن کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلەوە.

جۆرێکی دیکەی ئۆتۆمبێل کە تۆمار دەکرێن ئەوانەن کە لەناو خەڵکدا بە ئۆتۆمبێلی "علوج و تۆزوبا" ناسراون، کە ئەو ئۆتۆمبێلانەن لە کاتی پرۆسەی ئازادی عێراق هێندراون بۆ هەرێمی کوردستان بە مەرجێک مۆدێلیان لە ساڵی 2000 بەسەرەوە بێت. هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە هاوردەکراون و لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراون.

ئەو رێنماییانە بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل هەموو جۆرەکان دەگرێتەوە، وەک تایبەت، کرێ، بارهەڵگر، کشتوکاڵ، بیناسازی و پیشەسازی.

بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکان، خاوەنەکانیان دەبێت داواکارییەک پێشکەش بەو بەڕێوەبەرایەتییەی هاتووچۆ بکەن کە دەیانەوێت ئۆتۆمبێلەکی تێدا تۆمار بکەن و رەچاوی رێکار و رێنماییەکان بکەن.

هەروەها بۆ هەر جۆرە ئۆتۆمبێلێک بڕێک پارە وەردەگیرێت، کە بەپێی ژمارەی پستۆنەکانی ئۆتۆمبێلەکە دیاریکراوە و لە 400 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوو ملیۆن دینار.

ئەم رێنماییە نوێیەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماوەی 120 رۆژ کاری پێدەکرێت لەدوای بڵاوکردنەوەی و دەبێت لەو ماوەیەدا سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی رێنماییەکە دەیانگرێتەوە تۆمار بکرێن.


No comments