مشاركات عشوائية


نوێ

ووتار و بیروڕا... ئەم ئێوارەیەش، وەکوو پێشەی رۆژانەم، خەریکی پیاسە بووم

 

ھەركی نێت - ووتار

نووسەر: ساڵح ھەركی

ئەم ئێوارەیەش، وەکوو پێشەی رۆژانەم، خەریکی پیاسە بووم.
زۆرجار لەسەر راسپاردەی پزیشکەکەم، بەپێ دەڕۆم و گەلێجار ھەر بە کۆڵانە خۆڵەکانی گەڕەکەکەماندا دەگەڕێم.
چەند خولەکێک لە پیاسەکەم تێنەپەڕیبوو، کە پیکابێک بەرەو لای من ھات و کە لێم نزیکبۆوە، خێرایی زیاتر کردو لە ئەنجامدا، من نوقمی تۆز بووم!
پێوست بە باسکردن نییە کە لەم حاڵەتە چەند تووشی ئازار بووم.
لە چوون بەردەوام بووم و بۆڵاندم کە :
بژی تاسە، بژیت کۆسپ و لەمپەر، ھەر تەمەندرێژ بن پۆلیسە کانی ھاتوچۆ، بە تایبەت تووڕەو رووگرژەکانیان. یاخوا سزاکان ببنە سەتقات، کوڕە ئەو خەڵکە ھەر شیاوی ئەو شتانەیە و ......
سەیارەیەکیتر لێم نزیکبۆوە.
لە رێگە لام داو بە دەست دەم و لووتی خۆم بەست. سەیارەکە بە ھێواشی تێپەڕی و سڵاویشی کرد.
بەخۆم وت، ئەمەیان مرۆڤێکی خراپ نەبوو. خوا لێی رازی بێت.
کەمێکیتر چووم و پیکابێکیتر لێم نزیک بۆوەو لە تەنیشتم وەستاو وتی کاکە با بتگەیێنم.
وتم مەمنوونم، خەریکی پیاسەم.
کە سەیارەکە بە ئارامی لێم دوور کەوتەوە، ئیتر تا کۆتایی پیاسەکەم، ھەر بیرم لە خۆم و خەڵک و ژیان و پڕۆسەی بریاردان دەکردەوە.
گەییشتمە ئەو ئەنجامە، کە ناکرێت مرۆڤ لەسەر بنەمای ھەڵسوکەوتی خەڵکیتر بڕیار بدات.
بەڵکوو پێویستە رێگەی راست ھەڵبژێرێت و ئیتر تا کۆتایی لە راستی بەردەوام بێت.
ئەگەر بەھۆی رەفتاری خەڵکی، منیش شێوازی ژیانم و رەفتارم بگۆڕم، ئەوە ژیانی من دەبێتە پەرچەکرداری رەفتاری خەڵکیتر.
واتە من دەبمە رۆبۆتێک و تەواو.
ھەڵبەت دۆزینەوەی رێگە راستەکە، لە ھەموو شتێک گرینگترە. 
رێگەی راست  لە سیاسەت، لە عیبادەت، لە تیجارەت و ......
رێگەی راست لە ژیان.
ئەرێ رێگاکەمان راستە؟