مشاركات عشوائية


نوێ

ململانێی نێوان شیعە و سونە باکگراوندێکی مێژووی



ھەرکی نێت- مێژوو
سونە و شیعە دو راوگە و دونیابینیی ئیسلامیین و مێژوی جیاوازییان دەگەڕێتەوە بۆ مێژوی خودی ئیسلام خۆی. لەم نوسینەدا هەوڵدەدەین خوێندنەوەیەک بۆ ململانێی نێوان هەردو گروپی سونە و شیعە بکەین و ئەو ئەنجامە خراپانە بخەینەڕو کە لە ئەنجامی ئەو ململانێ مێژویییە خوێناوییەوە دروستبونە. لەوانەش ناسەقامگیریی سیاسیی و گرژیی کۆمەڵایەتیی و رەتکردنەوەی کەلتوریی و دابڕانی فکریی لەنێوان جڤات و شوێنکەوتوانی ئەو دو قوتابخانە مەزهەبییە هەر لەمێژ زەمانەوە هەتا رۆژی ئەمڕۆمان. واتە ئارگیومێنتی ئەم نوسینە لەسەر ئەو پێودانگە دەخرێتەڕو کە ئەگەرچی تەنگژەی سونە-شیعە کۆنە و مێژوەکەی بۆ چواردە سەدە دەگەڕێتەوە، بەڵام لێکەوتەکانی ئەو بارگرژیی و ململانێیە هەنوکەیییە و زیندوە. بە مانایەک لە ماناکان موسڵمانان تا هەنوکە نەیانتوانیوە لە عەقڵیەتی مەزهەبیی ١٤ سەدە لەمەو پێش قوتاریان بێت و توانای تێپەڕاندنی ئەو ململانێیەیان نییە یان هوشیاریی موسڵمانان لەو ئاستەدا نییە ئەو جیاوازی و خیلافانە نەهێڵن. لەمەش سەختر رۆژانە موسڵمانان و گەلانی دیکەی دراوسێی موسڵمانان لە ناوچەکەدا قوربانیی دەستی ئەو ململانێیەن.
باکگراوندی مێژوییی ململانێی سونە-شیعە 
سونە (سنی )* وەک زاراوە واتە شوێنکەوتوی ئەهلی سونە یان ئەهلی سونە و جەماعەتیشی پێدەگوترێت؛ بە هێڵی گشتیی شوێنکەوتوانی ئیسلام و چوار خەلیفەی راشدین  (بەتایبەتی ئەبوبەکر و عمر و عوسمان) و خەلافەتەکانی دوای ئەوان دادەنرێت، وەک ئەمەوییەکان و عەباسییەکان و عوسمانییەکان. لە بەرامبەر ئەمەدا شعەیە، مانای شوێنکەوتو  کە دوەم گروپی ئیسلام دێن. بە شوێنکەوتوانی ئیمامی عەلی دەوترێت دواتر کوڕەکانی و دوای ئەوانیش هەریەک لە خەلافەتی فاتیمییەکان و، بویەکان و سەفەوییەکان هتد .
دیارە ئێمە نامانەوێت لێرەدا بچینە ورد و درشتی چۆنییەتیی سەرهەڵدانی ئەو ململانێیە و هەروەها هۆکارەکانی کە زۆرن و فرە ڕەهەندن؛ بەڵکو بەکورتی ئاماژەیەکی پێدەدەین چونکە زۆری لەسەر وتراوە. ئەم نوسینە لەسەر ئەو بوار و رەهەندانە دەوەستێت کە کەمتری لەسەر وتراوە نەک باکگراوندە مێژویییەکەی ئەم ململانێیە. دیارە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە راستەوخۆ دوای وەفاتی پێغەمبەری ئیسلام لە ساڵی (٦٣٢ز) دەستیپێکردوە و بە دیاریکراوی کێشە بو لەسەر جێگرتنەوەی پێغەمبەر و گرتنە دەستی دەستەڵات و رابەرایەتیکردنی موسڵمانان. لانی کەم سێ بیروبۆچون هەبون لە سەرەتادا؛ بیروبۆچونی یەثریبیەکان (ئەنسار) ئەوان پێیان وابو ئەوان شیاوترن بۆ شوینگرتنەوەی محمد چونکە ئەوان ئەویان پەنادا و بونە هۆی سەرخستنی پەیامەکەی و رزگارکردنی پێغەمبەر و یارانی لە دەستی قورەیش، سەعدی کوڕی عەبادەیان وەک جێگرەوەی پێغەمبەر دانا. دوەم بیروبۆچون هی هاوەڵانی کۆچکردو (مهاجرین) بو موسڵمانە پێشینەکان بو؛ ئەوانیش  پێداگیرییان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە هاوەڵانی کۆچکردو نزیکترینن لە پێغەمبەر و هەر ئەوان باشترینن، ئەوانیش ئەبوبەکری سدیقیان هەڵبژارد کە عومەری کوڕی خەتاب پشتگیریی سەرەکیی دەکرد. سێەم بیروبۆچون و لایەن بریتی بو لە کەس و کاری موحەمەد خۆی کە بریتی بون لە عەلی کوڕی ئەبی تالب و عەباسی کوڕی عەبولمتەلب و فەزلی کوری عەباس، ئەمان عەلیان بەشیاوتر دەزانی و هەروەها بەهۆی ناشتن و تاعزیەوە بەشداریی ئەو دانیشتنەیان نەکرد کە بە گردبونەوەی سەقیفەی بن ساعدە ناسراوە. هەر بۆیە ئەوان بەتایبەتی عەلی دواکەوت لە بەیعەتدان بە ئەبوبەکر هەرچەندە رەئیێک هەیە لە مێژودا پێیوایە عەلی و خزمەکانی بەناچاری بەیعەتیان داوە بە ئەبوبەکر. *
سەرەتای تەنگژەی نێوان شیعە و سونە بە شێوازێکی ئاشکرا و یەکلاکەرەوە  لە رودوای (موقعە جبل) ساڵی ٣٦ هجری دەرکەوت، واتە جەنگی نێوان  عەلی و عائیشە هەروەها تەلحە و زوبیری کوڕی عەوام. لەو ڕوبەوبونەوەدا  کە زیاتر لەسەر کوشتنی عوسمانی کوڕی عەفان بو وەک خەلیفەی سێهەم، سونە عەلییان بە ئاسانکاریی  بۆ کوشتنی خەلیفە  تۆمەتبار دەکرد یان لانی کەم بێدەنگ بون و سزانەدانی بکوژەکانی. بە هەمان شێوە شیعە پێیان وایە  تەلحە و زوبێر بەیعەتیان نەدا بە عەلی چونکە خۆیان تەماعی دەستەڵاتیان هەبو. لە ئەنجامدا هەزاران سەحابی لەنێوان ئەو دو لەشکرەدا کوژران و دو ناودارترین  لە هاوەڵانی پێغەمبەر کە لەو کەسانە بون لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا پێیاندەگوترێت (دە کەسە مژدەپێدراوەکان)  کوژران ئەوانیش تەلحەی کوڕی عەبدوڵا و زوبیری کوڕی عەوام بون. دواتر جەنگی یان روداوی (وقعە صفین) کە تەنها ساڵێک دوای رودوای جبل بو، بە تەواوی دڕنی بە یەکێتییی موسڵماناندا و کردنی بە دو لەتی هەتاهەتایەوە. ئەم جەنگەش جەنگی نێوان مەعاویە و عەلی بو، کاتێ مەعاویە ئامادە نەبو بەیعەت بدات بە عەلی و لێی هەڵگەڕاوە. مێژو پێمان دەڵێت کە زیاتر لە ٧٠ هەزار سەحابی و موسڵمان لەو جەنگەدا کوژران لەناو ئەوانەشدا عەماری کوڕی یاسری تێدا بو. هەروەها تەنها ساڵێک دوای ئەوەش ٣٨ هجری لە جەنگی نهروان لەنێوان عەلی و خەوارجەکان زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسی دیکە کوژران*. کوشتنی حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبی تالیب بە دەستی پیاوەکانی زەیدی کوڕی مەعاویە لە ساڵی ٦١ی هجریی نەک هەر بویە هۆی شکاندنی پەیمانی نێوان مەعاویە و عەلی کە دوای مەعاویە خەلافەت بچێت بۆ حوسەین، بەڵکو بەتەواوی شیعەی خستە دەرەوەی مێژوی ئیسلامیی سونیی و خەلافەتەکانی . لەو شەڕەدا کە بە جەنگی کەربەلا دەناسرێت حوسەینی کوڕی عەلی و زیاتر لە ٧٠ ئەندامی خێزانەکەی بە دەستی پیاوانی زەید کوژران و تا هەنوکەش یادکردنەوەی ئەو کوشتارە بە عاشورا دەناسرێت لە ناو شیعەکاندا. ئیدی لەو رۆژەوە موسڵمانەکان لەژێر ناوی یەک ئاین بەڵام دو مێژوی جیاواز دەنوسنەوە.

No comments