مشاركات عشوائية


نوێ

‎ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ‎لەنێوان قانونی بوون و ناقانونی بووندا



ھەرکی نێت- سیاسی



ئەگەر چی لە ئێستادا بەھۆی بوونی ماددەی (20) لە یاسای ژمارە (21) ساڵی (2008) پارێزگاکانی عێراق، دەنگی ئەو لایەنانەی دژی ھەڵکردنی ئاڵاکەن لە ڕووی یاسایەوە زاڵترە، چونکە بەپێی ئەو ماددەیە پەرلەمان دەتوانێت ھەموو ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھەڵبوەشێنێتەوە کە پێچەوانەی دەستور و یاسا کارپێکراوەکانن

بەڵام ئەگەر بڕیار بێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم کێشەیە کورد بچێتە شەرێکی قانونی لەگەڵ ئەو لایەنانە ئەوا پێویستە پەنا بۆ ئەو ماددە و بڕگە یاسایی و دەستوریانە ببات کە تاڕادەیەک ھەڵکردنی ئاڵاکە لە ناقانوونی بوون دوور دەخەنەوە و بڕیارەکەی پەرلەمانی عیراق دەخەنە چوارچێوەیەکی نایاسایەوە. ھەوڵدەدەم ئاماژە بە بەشێک لەو بڕگە  و ماددە دەستوری و یاسایانە بکەم کە کورد دەتوانێت لەم بەرەنگاریە قانونیەدا سودیان لێوەربگرێت:  



لە ماددە ( 109) دەستوری عیراق، دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی بنجبڕ دیاریکردووە واتا دەسەڵاتەکان ( على سبيل الحصر لا المثال) بەم پێیە حکومەتی ناوەندی جگە لەم دەسەڵاتانە کە (نۆ)دەسەڵاتە ھیچ دەسەڵاتێکی تری نیە، باقی ئەو دەسەڵاتانەی کە دەمێنەوە ھی پارێزگا و ھەرێمەکانن. لەم (نۆ) بڕگەی ئەم ماددەیە باسی ئاڵا نەکراوە وەک دەسەڵاتی حەسری حکومەتی ناوەند. بەپێی ماددە (115) ھەر دەسەڵاتێک تایبەت نەکرابێت بە ناوەند، بۆ پارێزگا و ھەرێمەکان جێھێڵراوە. ھەرێم و پارێزگاکان بۆ بابەتی ئاڵای تایبەتی خۆیان دەتوانن لەم دوو ماددەیە سود وەربگرن
ئەگەر چی یاسای ژمارە (14) ساڵی (1999) پرسی ئاڵای کوردستانی ڕێکخستووە، ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە و دەکرێت ھاوتا لەگەڵ ماددە (141) دەستوری عیراق سودی لێوەربگیرێت بۆ بەخشینی ڕەوایەتی بە ھەڵکردنی ئاڵاکە، بەڵام خودی ئەم یاسایە بەدەر نیە لە کەم وکوڕی، یاساکە ئەو شوێنانەی دیاری نەکردووە کە ئاڵاکەی لێ ھەڵدەدرێت، لە ماددەی (2) یاساکەدا ھاتووە کە ئەم بابەتە دواتر بەپێی پەیڕەو دیاریدەکرێت.
بە پێچەوانەی بۆچوونی ھەندێک کەس لەوانە (تارق حەرب) کە بۆ بەخشینی ڕەوایەتی بەم بڕیارەی پەرلەمانی عیراق بۆ یاسای ئاڵای عیراقی ژمارە (33) ساڵی (1986) دەگەڕێنەوە، بەپێچەوانەی ڕوانینی ئەوان دەکرێ ئەم یاسایە بۆ بەخشینی ڕەوایەتی بە ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک بەکاربھێنرێت، چونکە ھیچ بڕگە و ماددەیەکی ئەم یاساییە ڕێگر نیە لە ھەڵکردنی ئاڵای تر جگە لە ئاڵای عیراق، تەنیا لە ماددە (3) دەڵێت: ئەگەر ھاتوو ئاڵای تر ھەڵکرا لە تەنیشت ئاڵای عێراق نابێ ئەو ئاڵایە بەرزتر بێت لە ئاڵای عیراق. بەم شێوە ( و لا يعلو عليه عند في أي مكان في العراق اي علم آخر يرفع معه في المكان نفسه). 
بەدیدی من لەم کێشەیەدا پەرلەمانی عیراق لایەنی بڕیاردەر و یەکلایی کەرەوە نیە، چونکە لەکێشەی کەرکوک پەرلەمان و دامەزراوە حکومیەکان بێ لایەنی خۆیان لە دەستداوە و بەھۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ماددەکانی (149) و (58) بوون بە لایەنێک لە کێشەکە. بڕگە (4) ماددەی (58) قانونی عیراق بۆ قۆناغی کاتی کە ئێستا بووە بە بەشێک لە ماددەی (140) دەستور ئەرکی ھەڵوەشاندنەوەی ھەموو بڕیارەکانی گۆڕینی سنوری ناوچە ئیدارییەکان و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی زیان بەرکەوتوو دەخاتە ئەستۆی پەرلەمان و حکومەت بەڵام ھیچ کام لەمانە بە ئەرکی خۆیان ھەڵنەستاون
 لە کۆتایدا لایەنی یەکلاکردنەوەی ئەم کێشەیە دادگای فیدڕالی عیراقە نەک پەرلەمانی عیراق،  بڕگە (1) ماددەی (4) یاسای ژمارە (30) ساڵی (2005) کە یاسای دادگاکەکە، دەڵێت: دادگاکە تاکە لایەنی یەکلایی کەرەوەیە لەو کێشانەی لەنێوان ھەرێم و ناوەند و پارێزگاکان  دروست دەبن

No comments