په‌نابه‌رێكی كورد به كه‌له‌پچه‌كراوی دیپۆرت كرایه‌وه
ھەركی نێت - گشتی
په‌نابه‌رێكی كوردی خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداوه و به كه‌له‌پچه‌كراوی دیپۆرت كرایه‌وه و به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایی دژی به زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران، سبه‌ی له له‌نده‌ن خۆپیشاندان ده‌كرێت.
ئاری جه‌لال، سه‌رپه‌رشتیاری گشتی فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئه‌و په‌نابه‌ره په‌یوه‌ندی پێوه كردووه‌ته‌وه و وتویه‌تی "كۆماندۆكانی حكومه‌تی به‌ریتانیا له ته‌والێتی فڕۆكه‌ی هێڵی ئاسمانی مه‌له‌كی ئه‌رده‌نی رایانگرتم و به كه‌له‌پچه‌كراوی و سوكایه‌تی له فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا وه‌ریانگرتمه‌وه".
ئاری وتیشی "ئه‌و په‌نابه‌ره پێی وتم ده‌ست و قاچم كه‌له‌پچه كرابوو پشتمیان به‌ستبووه و سه‌ریشیان داپۆشیم تا ده‌نگم ده‌رنه‌چێت و ئه‌وانه‌ی له فڕۆكه‌كه‌دا بوون پێم نه‌زانن".
ئه‌و په‌نابه‌ره ته‌مه‌نی 36 ساڵه و ماوه‌ی ١٠ ساڵه له‌وڵاتی به‌ریتانیا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، دوێنی له‌فڕۆكه‌خانه‌ی هیسرۆوه له‌ژێر فشاری زۆردا دیپۆرتی فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا كرایه‌وه.
هه‌روه‌ها وتیشی"له ماوه‌ی 72 كاتژمێری رابردوودا سه‌رۆكی حیزبی لیبه‌ر پارتی جیرمی كۆبن و جان مكدۆناڵدو ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار له یه‌كێتی ئه‌وروپا و چه‌ندین یه‌كێَتی كرێكاری و رێكخراوه‌ی چه‌پ و مرۆڤدۆست ئاگادار كراونه‌ته‌وه تا به‌رامبه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته دژی په‌نابه‌رییه بێنه ده‌نگ و به‌رگری له به زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران بگرن".
له ئێستاشدا زیاتر له ٣٠ په‌نابه‌ر كه زۆربه‌یان هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستانن، له‌لایه‌ن پۆلیسی به‌ریتانییه‌وه ده‌ستگیركراون بۆ ناردنه‌وه‌یان و بڕیاره سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ش له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا له له‌نده‌ن دژی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه، خۆپیشاندانێك ساز ده‌كرێت.
No comments