فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆک ھۆزەکەی ناوچەی گەرمیان دەرچوو
ھەرکی نێت- کۆمەلایەتی
ئەو کەسایەتییەی شاری کفری، کە لە بەرنامەی تۆپ ستۆری گوتی "یاسا بۆ هەژارانە و ناتوانێ کەسی بە دەسەڵاتی وەک ئەو دەستگیربکات"، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتی شارۆچکەی کفری دەرچووە، بەڵام جارێ هۆکاری دەرچوونی فەرمانەکە ئاشکرا ناکەن.
ئەکبەر حاجی رۆستەم دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە، رەتیشیدەکاتەوە بچێتە بەردەم دادگا و گوتی "لەسەر قسەکانم لە رووداو فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە".
ئەكبەر رۆستەم، كە خەڵكی گوندێكی سەر بە شارۆچکەی كفری ئیدارەی گەرمیانە دەڵێت، لەلایەن دادوەرێكی كفرییەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و گوتی "من كۆمەڵێك قسەی حەقم كردووە، خۆ كەسم نەكوشتووە و دزیشم نەكردووە تاوەکو دەستگیربكرێم، بۆیە نە كەس دەتوانێ دەستگیرم بكات، نەدەچمە بەردەم دادوەریش".
لە بەرنامەی تۆپ ستۆری ، ئەکبەر حاجی رۆستەم لەبارەی بڕیارەکەی دادگا بۆ زیندانیکردنی پیاوێک بە 10 ساڵ لەسەر دزینی شیر و دایبی و چەند کەلوپەلێکی دیکە لە کفری، گوتی "یاسا تەنها بۆ هەژارانە، ئەگەرنا دادەوەر ناتوانێ بڕیاری دەستگیرکرد بۆ خۆی و کوڕەکانی دەربکات". گوتیشی "تەڵاقم کەوتبێ ناتوانن من دەستگیر بکەن".
No comments