ژیان نامەی ستالین
ھەرکی نێت- مێژووی
جۆزێف ستالین
جۆزێف ستالین (بە ڕووسی: Иосиф Сталин) (لەدایکبوون ١٨٧٨ - کۆچی دوایی ١٩٥٣) ڕابەر و سیاسەتوانی کۆمۆنیستی سۆڤیەت بو کە لە نێوانی ساڵانی ٢٠ی تەمەنی تاکوو کاتی مردن ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەتی لە ئەستۆ بوو. زۆر کەس بە بەرپرسی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە مرۆڤی ئەزانن کە ژمارەیان نێوان ٤ تا ٢٠ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.
لە ساڵی ١٩٢٢ گەیشتە پلەی سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەت. دوای مردنی ڤیلادیمیر لینین، ستالین توانی بەسەر لیۆن ترۆتسکی سەرکەوێت و ڕابەرایتی حیزب بگرێتە دەست. لە ساڵانی ١٩٣٠ خاوێنکردنەوەی گەورەی بەڕێخست کە زنجیرە سەرکوتی سیاسی و دەستبەسەر کردن و کوشتنی ناڕازییەکان بوو کە لە ساڵی ١٩٣٧دا گەیشتە بەرزترین پلەی خۆی.
ستالین بڕوای وا بوو کە سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای مارکسیسم-لینینیسم پێکھاتووە بەڵام ئێستا ھەموان سیستەمی ئابووری و سیاسیی ئەو بە ئەستالینیسم ناو دەبەن.
لە ساڵی ١٩٢٨دا ستالین بە گۆڕینی پلانە ئابووریەکان و دانانی پلانی کشتوکاڵی ھەڵبژاردەیی، یەکیەتی سۆڤیەت تا کۆتایی ساڵانی ١٩٣٠ لە وڵاتێک بە زۆرینە جەماوەری جووتیار بوو بە یەکێک لە زلھیزەکانی بواری سەنعەت لە جیھاندا.
داگیر کردنی گەنم و خواردمەنیەکانی دیکە لە لایەن کاربەدەستانی سۆڤیەت و بە دەستووری ستالین لە ساڵانی ١٩٣٢تا ١٩٣٤ بووە ھۆی ھاتنی قڕ و قاتی لە وڵاتانی ژێردەسەڵاتی ئۆکراین، قەزاقەستان و قەفقازی باکوور. ھەرکەس لە جووتیارەکان کە دژایەتی ئەوەی بکردایە کۆلاک ناویان دەنا و سەرکوت و دەسبەسەر دەکرا.
لە کاتی شەڕی جیھانی دووھەم ئەستاڵین ڕابەری یەکیەتی سۆڤیەت بوو و دەورێ گرینگی ھەبوو لە شکەست ھێنان بە ئەڵمانیای ژێر دەسەڵاتی نازیەکان. ئەوە سۆڤیەتی کردە یەکێ لە دوو زلھێزی دونیا و ئەوە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ واتە تا کۆتایی ژیانی ئەستالین ھەر مایەوە.
ھێندێ کەس حکوومەتی ستالین بە دەسەڵاتی تاکەکەسیی دەناسن و ھەروا بە لەنێو بردنی کەساییەتیەکانی دەژ بەو تاوانباری دەکەن. نیکیتا خرۆشۆڤ، جێگری ئەستالین، کەسایەتی و شێوازی حوکمڕانی ستالینی لە کۆبوونەوەی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٥٦ کێشایە ژێر پرسیار و دواتر دەستی کرد بە خاوێنکردنەوەی حکومەت لە ھاوڕێیانی ستالین.
سەردەمی منداڵی و ھەڕەتی لاوی
ستالین لە شاری گۆری (Gori ) لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی روسیدا لە دایک بووە، زانیاری دروست سەبارەت بە منداڵی و ھەڕەتی لاوی ستالین زۆر نین، بەڵام نوسراوەکانی کچەکەی ستالین سڤیتلانە (Svetlana ) بە راستترین سەرچاوە ناسراون ، بە پێ ی وتەکانی ئەو باوکی ستالین سەرەتا بەرگدروو بووە ، بەڵام پاش ئەوەی منداڵەکانی بەجێدەھێلێت و دەچێت بۆ تەبلیسی کاری پینەچێتی ( ئیسکافی – پێڵاو دورینەوە) دەکات. دەگوترێ باوکی ستالین ھەمیشە حەزی لە خواردنەوەی مەی بووە، بە مەستی گەڕاوەتەوە ماڵێ و زۆر بە توندی و دڵڕەقانە رەفتاری لەگەڵ ستالین و دایکیدا کردووە. یەکێک لە ھاوڕێکانی سەردەمی منداڵی ستالین لەم بارەوە دەنوسێت ( باوکی ستالین ھێندە دڵڕەقانە و خراپ لە ستالینی دەدا، ھەندێک جار نیوە مردوو دەبوو، بەڵام سەیر لەوە دا بوو کە ھیچ کەس گوێ ی لە گریانی ستالین نە دەبوو، ستالین ھەرگیز نەگریاوە ). کاتێ ستالین تەمەنی حەوت ساڵان بووە، باوکی بۆ تەفلیسی دەڕوات و خێزانەکەی بەجێدەھێلێت ، بەمجۆرە بەخێوکردنی ستالین دەکەوێتە ئەستۆی دایکی، کە ئەویش بە کارەکەری و جل شۆری ماڵان بەخێوی دەکات. یەکێک لەو ماڵانەی کە دایکی ستالین کاری تێدا دەکرد ماڵی کابرایەکی جولەکە بووە بە ناوی ( دەیڤد پایسیمدۆڤ ) ، ئەم کابرایە کاتێک ستالین دەبینێت کە بۆ ھاوکاری دایکی لەگەڵیدا بۆ ئەو ماڵە دەڕۆشت ، زۆر سەرسامی دەبێت و خۆشی دەوێت ، بە کتێب وپارە زۆر کۆمەکی ستالین دەکات، کاتێک ستالین دەگاتە ترۆپکی دەسەڵات ئەم پیاوە بڕیار دەدات سەردانی ( سوسو) ی بچکۆلە دەکات تا بزانێت رەوشی چۆنە، ستالین زۆر بە گەرمی پێشوازی دەکات و لە زۆر شوێنی گشتیدا لەگەڵ خۆیدا دەیگەڕێنێت...
No comments