شوان ھەرکی ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە ئێن ئار تی ئاشکرا دەکات
ھەرکی نێت- کەساییەتیەکان
ھەردوو بێژەری دیاری کەناڵی ئێن ئاڕتی، شوان ھەرکی و کاژین حەسەن، جگە لەوەی ھاوسەری یەکترن، ساڵانێکی زۆریشە بەبێ دابڕان بە ھاوبەشی کاری ڕاگەیاندن دەکەن. ئەو دوو ھاوسەرە لەسەرەتای وەرزی نوێی کەناڵی ئێن ئاڕتی-یەوە، وەک بێژەری ھەواڵی سیاسی لەو کەناڵە دەستبەکار بوون، ئێستاش بەھۆی ھەندێک ھۆکاری جیاوازەوە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ڕاگەیاندووە. شوان ھەرکی، لەم چاوپێکەوتنێکی دا ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی و کاژینی ھاوسەری ئاشکرا دەکات.
ھۆکارەکان
شوان ھەرکی، باس لە سەرەتای دەستبەکاربوونی خۆی و کاژینی ھاوسەری لەکەناڵ ئێن ئاڕتی دەکات و دەڵێت: "دوای وەرزی نوێی کەناڵەکە و گۆڕینی سیستەمی پەخش بە ئێچ دی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ ھەردووکمان چووینە کەناڵی ئێن ئاڕتی. سەرەتا وەک بێژەر دەستبەکار بووین، بەڵام دواتر بەھۆی ئەنجامدانی کارەکانمان بە باشی، من پۆستی سەرنووسەری ھەواڵی کرمانجییشم وەرگرت و تا دوا رۆژی کارکردنمان ھەردوو ئەرکەکەم بەباشی ڕادەپەڕاند، جگە لە چەندین کاری زیادە و بەرنامە و ڕووماڵ لە بەرەکانی جەنگ. ھۆکاری دەستلەکارکێشانەوەشمان تەنیا ھۆکارێک نەبوو، بەڵکوو چەندین ھۆکار ھەیە کە وای لە ئێمە کرد بگەینە ئەو بڕوایەی کە ئیدی پێویستە کەناڵەکە بەجێ بھێڵین.
ڕاستکردنەوەی ھەواڵێکی نیشتمانی
شوان ھەرکی باسی لەوەش کرد، ھۆکارەکانی وازھێنانی خۆم و کاژینی ھاوسەرم زۆرن، بەڵام سەرەکیترینیان لادانی سیاسەتی کەناڵەکە بوو لە بەرژەوەندیی نیشتمانی، لەپێناو ھەواڵێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر، دیارترین نموونەش، بابەتی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوو لە کەرکووک کە ئەوکات بە دیاریکراوی لە رۆژی ١٠ی٤ی ئەمساڵ ھەواڵێک ھەبوو لەسەر داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، من وەک سەرنووسەری ھەواڵ و وەک ئەرکی خۆم بەدواداچوونم بۆ ھەواڵەکە کرد، چونکە گومانم ھەبوو لە ڕاستیی ھەواڵەکە، بەڵام ئەمە بە ھەر ھۆکارێک بێت لەلایەن بەڕێوەبەرانی کەناڵەکە قبووڵ نەکرا، بۆیە ھەم ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بوومەوە لەسەر ڕاستکردنەوەی ھەواڵەکە، ھەم سزا درام“.
ھەرکی ڕوونیشی کردەوە: ”ئەوکات من ئەوەم پێ قبووڵ نەکرا و لە رۆژی ١١ی٤ دەستم لە کار کێشایەوە، بەڵام بەرپرسانی کەناڵەکە دەستلەکارکێشانەوەی منیان قبووڵ نەکرد و پاش ھەوڵدانێکی زۆر لەگەڵمدا گەڕامەوە سەر کار، بەڵام ئەوەی نیگەرانی کردم، لەدوای دەستکردنەوەم بە کار، رۆژ بە ڕۆژ لادانی زیاترم ئەبینی لە پرسە نەتەوەییەکان، ئەوکات بۆم دەرکەوت بابەتی ھەواڵی ئاڵاکە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو کە ئێن ئاڕتی دەستی پێکردووە و ئەوەش بۆ من جێی ناڕەزایی بوو، چونکە ئەگەر خوێنی ئەو ھەموو شەھیدەی کوردستانیش نادیدە بگرم کە بۆ ئەم خاکە ڕژاوە، ناتوانم خوێنی شەھیدانی بنەماڵەکەم فەرامۆش بکەم کە تەنیا لە عەشیرەتی ھەرکی زیاتر لە ٢٠٠ شەھیدی شەڕی داعشمان ھەیە، کە چەندین کەسی نزیک لە خۆمی تێدایە، بۆیە تەنیا بژارەی چوونەدەرەوە لەو سیاسەتەم لەبەردەمدا مایەوە، بۆیە ئەوەی باسیشم کرد بە بڕوای من بەسە بۆ ئەوەی دڵنیابم ئێن ئاڕتی لە دروشمە سەرەکییەکانی خۆی (ھاوسەنگی، ڕاستگۆیی، بوێری) لایداوە.
پێچەوانەی پرسە نیشتمانییەکان
شوان ھەرکی، ئاشکرای دەکات، کەناڵی ئێن ئاڕ تی، پێچەوانەی پرسە نیشتمانییەکان کاری کردووە، وەک خۆی دەڵێت: "کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی وەھای پەیڕەو کردووە کە تەواو پێچەوانەی ھەم بڕوای خۆم ھەم بەرژەوەندیی نیشتمانییە، کە ئەوەش دیارە بۆچی لەپشت وەھا بابەتێکەوەیە کە من نامەوێت لێرەدا بچمە وردەکارییەوە، بەڵام سیاسەتی کارکردنی ئێن ئاڕ تی ئەوەی بۆ ڕوون کردمەوە کە ئەو کەناڵەش ھاوشێوەی زۆرینەی کەناڵەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، خزمەتکاری ئەجێندایەکی دیاریکراوی حزبییە و بە تەواوی دوورە لە دروشمی بێ لایەنی و ئەو بەرنامەیەی کە خۆی ئیدیعای بۆ دەکات، ھەر بە سەیرکردنێکی سادەش ئەوە زۆر باش دەردەکەوێت و پێویست بە خۆھەڵخەڵەتاندن ناکات، مەگەر تەنیا ئەو کەسانە خۆیان لەو ڕاستییە لا بدەن کە ھەڵگری ھەمان ئەو بیروڕا حزبییەن کە ئێن ئاڕ تی کاری بۆ دەکات.
خزمەتکاری ئەجێندای حزبێکە
شوان ھەرکی و کاژینی ھاوسەری، جەخت لەوە دەکەنەوە، ئێن ئاڕ تی خزمەت بە ئەجێندای حزبێکی سیاسی دەکات. وەکوو خۆیان باسی لێوە دەکەن: ”زۆر بە یەقینەوە دەڵێم ئێن ئاڕ تییش وەک ھەموو ئەوانی دیکە دەستی حزبێکی دیاریکراوی لەپشتەوەیە و ئەمەش زۆر بە زەقی بەتایبەت لەو کاتەنەدا دەردەکەوێت کە ناکۆکییەکانی حزبێکی دیاریکراو لەگەڵ بەرامبەرەکەی زەق دەبێتەوە و ئێن ئاڕ تی وەک ماشێنێکی ئیعلامیی لێ دێت دژ بەو بەرامبەرە، مەسەلەکەش گرنگیی ئەم یان ئەولا نییە، ئەوەی گرنگە مادام ئێمە بەخۆمان گوت بێ لایەن، دەبێت بە فیعلی بێ لایەن بووینایە و بە یەک ئاراستە لەگەڵ ھەموو پرسەکاندا بڕۆیشتینایە. بەدڵنیایی پرسە نیشتمانییەکان بۆ ئێمە لەسەروو ھەموو شتێکەوەیە و ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی ناگاتە ئاستی پیرۆزیی پرسە نیشتمانییەکان، بۆیە مەرجی سەرەتامان بۆ کاری نوێ ڕێزگرتنی ئەو کەناڵەیە لە گەل و نەتەوە و بەرژەوەندیی نیشتمانی.
شوان ھەرکی ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە ئێن ئار تی ئاشکرا دەکات
مراجعة بواسطة admin
في
July 18, 2017
التقييم: 5
No comments