وردەکاری تەقینەوەکەی شاری ماجستەر
ھەرکی نێت - ھەوال
لەندەن پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت تەقینەوە خوێناوییەکەی شاری مانچستەر لەڕێگەی دانانەوەی بۆمب ئەنجامدراوە. ئاشکرایشی دەکات کە ئەنجامدەری تەقینەوەکە هەر لەنێو هۆڵەکە گیانی لەدەستداوە.
کاژێر 01:35 خولەکی بەرەبەیانی (رۆژی سێشەممە 23-5-2017 بەکاتی کوردستان)، لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی هونەرمەند ئەریانا گراندی، گۆرانیبێژی ئەمریکی لە تەلاری مانچستەر ئەرینا لە شاری مانچستەر، تەقینەوەیەک روویدا و بەهۆیەوە 22 کەس کوژران و 59 کەسی دیکە بریندار بوون.
هێشتا روون نییە تەقینەوەکە لەلایەن چ گرووپ و لایەنێکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام پۆلیس و تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێن هێرشەکە تیرۆریستی بووە و هێرشبەرەکەش کوژراوە. ئایان هۆپکینس، بەڕێوەبەری پۆلیسی مانچێستەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئێمە وەک هێرشێکی تیرۆریستی سەیری رووداوەکەمان کردووە، باوەڕیشمان وایە هێرشەکە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدراوە و هەر لە شوێنی تەقینەوەکە گیانی لەدەستداوە".
هۆپکینس زیاتر گوتی: "ئێستا لە لێکۆڵینەوەداین ئاخۆ هێرشکارەکە بە تەنیا تەقینەوەکەی ئەنجامداوە یاخود تۆڕێکن. پێشمانوایە هێرشکارەکە لەڕێگەی بۆمبێکی تەوقیتکراو ئەم کارەساتەی خوڵقاندووە." پۆلیس دڵنیایی بە خەڵک دەدات کە هێزەکانیان خستوونەتە حاڵەتی ئامادەباشی و پێویست ناکات دانیشتووانی مانچستەر بترسێن. جەختیشدەکاتەوە کە ئەزموونیان لەگەڵ ئەو جۆرە هێرشانە هەیە.
تەقینەوەکە لەسەر ئاستی نێوخۆ و نێودەوڵەتی کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە. هەردوو پارتە گەورەکەی بەریتانیا بەهۆی تەقینەوەکەوە بانگەشەی هەڵبژرادنیان وەستاند. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش چەندین سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی و جیهان، ئیدانەی تەقینەوەکەیان کرد و هاوخەمی خۆیان بۆ خەڵک و حکومەتی بەریتانیا دەربڕی. تەقینەوەکەی شەوی رابردووی بەریتانیا لەدوای تەقینەوەکەی ساڵی 2005 ی هێڵی شەمەندەفەر لە بەریتانیا، کە بووە هۆی کوژرانی 52 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 700 کەسی دیکە، بە گەورەترین تەقینەوە دادەنرێت.
No comments